ئەفشین حوسێن پەناهی بەدانانی بارمتە مافی مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد لە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، بە دانانی بارمتە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدرا.

٢٨ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٥:٠٦



هەنگاو: ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد لە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، بە دانانی بارمتە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٧ی مارسی ٢٠٢٠)، ئەفشین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تەنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدراوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی برای ئەفشین لەوبارەوە ڕایگەیاند کە: “دوای پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و بەیاننامەی دەزگای دادوەریی ئێران ، بنەماڵەکەمان هەوڵی زۆریان داوە کە ئەفشین مافی مرەخەسی پێ بدرێت و دواجار بە هەوڵ و هاوکاری چالاکانی مەدەنی بە دانانی بارمتە ئەو مافەیان پێداوە.”


ئەفشین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ئەزموونی هاوکاریی لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری دێولانە. ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ٩٦ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشەوە بە تاوانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران حوکمی ٨ ساڵ و نیم بەندکرانی بەسەردا سەپا.


ئەفشین پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ٩٦، پاش ٣ ڕۆژ لە بە دیلگیرانی ڕامین حوسێن پەناهی، دەستبەسەر کرابوو.


حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٩٧ لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بەڕێوەچوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە