ئەفشین حوسێن پەناهی گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە

هەنگاو: ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی پاش پێنج ڕۆژ مەرەخەسی گەڕایەوە بۆ بەندیخانە.

٣ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٠٩:٤١

 

هەنگاو: ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی پاش پێنج ڕۆژ مەرەخەسی گەڕایەوە بۆ بەندیخانە.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ٩٨ (٢٢ی ژانوویەی ٢٠٢٠)، ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی دێولان کە ماوەیەک پێش بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی مەرەخەسیی پێ درابوو، پاش پێنج ڕۆژ گەڕایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤی و برای ڕامین و ئەفشین حوسێن پەناهیلەو بارەوە دەڵێت: ئەفشین ماوەیەکی دوور و درێژە کە لە ئازاری پێ و پشتەوە ئەناڵێنێ؛ ئێمەش وەکوو بنەماڵە داوامان کردبوو کە لە دەرەوەی بەندیخانە چارەسەریی پزیشکی وەربگرێت. پاش چەندین جار داوا لە بەرپرسانی گرتووخانە بە دانانی بارمتە مەرەخەسیی پێ درا، بەڵام پێش وەرگرتنی سڵامەتی و تەنیا پاش ٥ ڕۆژ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.”

ئەفشین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ئەزموونی هاوکاریی لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری دێولانە. ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ٩٦ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشەوە بە تاوانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران حوکمی ٨ ساڵ و نیم بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەفشین پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ٩٦، پاش ٣ ڕۆژ لە بە دیلگیرانی ڕامین حوسێن پەناهی، دەستبەسەر کرابوو.

حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٩٧ لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بەڕێوەچوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە