ئەمیر پەیغامی دوای ٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی کرمان ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ پاش ئەوەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان ئازاد کرا.

٢٢ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٦:٠١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ پاش ئەوەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان ئازاد کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۱ (۱۲ی جولای ۲۰۲۱)، ئەمیر پەیغامی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ پاش ئەوەی ماوەی سزای چوار ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان ئازاد کرا.

ئەمیر پەیغامی، لە رێکەوتی ۸ی جۆزەردانی ۲۷۱۷ (۲۹ی مەی ۲۰۱۷) و دوو ڕۆژ دواتریش فاڕووق شاروێرانی و تاهیر خورشیدی لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردان (٣١ی مەی) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە دەستبەسەر کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە رۆژی سێ شەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٠١٧ (٥ی دێسامبەری ٢٠١٧) لە لایەن دادگای سەربازیی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیران، سزای بەندکران و دوورخرانەوە بۆ کرمانیان بەسەردا سەپا و بە گوێرەی بریاری دادگا، تاهیر خورشیدی حەوت ساڵ بەندکران و ئەمیر(محەمەد ئەمین) پەیغامی و فارووق شاروێرانییش هەرکامیان سزای چوار ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕایەوە.

ئەمیر پەیغامی لە کۆتاییدا رۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧١٨ (١٦ی جولای ٢٠١٨) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرمان.

تاهیر خورشیدی لە خەزەڵوەری ٢٠١٩ (نۆڤامبەری ٢٠١٩) و لە کاتێکدا کە مۆڵەتی وەرگرتبو، ئێرانی بەجێ هیشت و فاڕووق شاروێرانیش مانگی رابردوو لە بەندیخانەی کرمان ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە