ئەمیر ڕەزایی و ئارەش ئەحمەدی بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر دوای چوار مانگ دەستبەسەر ک

٤ خەرمانان ٢٧٢١، ١٣:٢٦

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر دوای چوار مانگ دەستبەسەر کران بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، ئارەش ئەحمەدی تەمەن ٢٢ ساڵ و ئەمیر ڕەزایی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە دوای نزیکەی چوار مانگ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئازاد کران.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابوونەوە.

ئارام مورادیان هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی تەنگیسەر کە لەگەڵ ئەم دوو کەسە دەستبەسەر کرابوو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

ئەم سێ کەسە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١) هاوکات و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ بەندکراوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشن و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە