ئەکبەر گوەیلی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: ئەکبەر گوەیلی هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە پیشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٨:٥٠

 

هەنگاو: ئەکبەر گوەیلی هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە پیشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت سزای بەندکرانی بە سەردا بوو، دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٦ی ژانویەی ٢٠٢١)، ئەکبەر گوەیلی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دووساڵەی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران و لە گەڕەکی فەیزئاوای سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و پاش سێ حەفتە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


ئەکبەر گوەیلی دواجار ڕۆژی سێ شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٠)،لەلایەن  لقی یەکی دادگایی شۆرشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو حوکمە دواتر  و لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ دوو ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەکبەر گوێڵی پێشتر بە تۆمەتی بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆی چوار ساڵ پێش لە گوندی قەسریان دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی سنە بە هەمان تۆمەت حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٤ مانگ کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە