ئەیووب ئەسەدی بەندکراوی سیاسی کورد مافی مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: دوای ئەوەی داوای مافی مرەخەسی ئەیووب ئەسەدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە پەسەند کرا، ناوبراو مافی مرەخەسی پێدرا.

٢٨ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٤:١٥


هەنگاو: دوای ئەوەی داوای مافی مرەخەسی ئەیووب ئەسەدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە پەسەند کرا، ناوبراو مافی مرەخەسی پێدرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٧ی مارسی ٢٠٢٠)، ئەیووب ئەسەدی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی کاشمەر ڕەزامەندییان نیشان دا، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدرا.


لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و سەرباری ناجێگیربوونی باری تەندروستی ئەیووب ئەسەدی، داواکاری گشتی شاری کاشمەر لەگەڵ داوای مافی مرەخەسی ئەو بەندکراوە کوردەی کردبوو و هەر ئەمەش نگرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردبوو.


ئەو بەندکراوە کوردە نەخۆشی تەنگی نەفەس دیسکی کەمەری هەیە و هەروەها ڕیخۆڵەکانی تووشی کێشە بوون و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەو هۆیەوە چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە.


ئەیووب ئەسەدی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٠ی هەتاوی لە نزیک گوندی بۆڕیەری سنە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.


ناوبراو دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستان“ حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەری بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە لە ڕێکەوەتی ٢٧ی خەرمانانی ساڵی دواتر بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.


ئەیووب ئەسەدی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ بەندیخانەی کاشمەر دوورخرایەوە و لەوکاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە و ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە