کرماشان: سەپاندنی سزای بەندکردن و پێبژاردنی پارە بەسەر بەهمەن نادری

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١١:٤٣

هەنگاو: دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی بەهمەن نادری تەمەن ٣٣ ساڵ، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەهمەن نادری، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کرماشان، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، سزای ٦ مانگ بەندکردن و پێبژاردنی ٨ ملیۆن تمەنی ئێرانیی بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگا بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە پاڵدراوەکانی بەهمەن نادری، لە ٦ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری کرماشان بەڕێوە چووە.

ئەو هاووڵاتییە لە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ لە بەرەبەرەی ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و دوای حەفتەیەک، بە دانانی بارمتەی ۵٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

هەروەها ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری کرماشانەوە بانگ و پاش چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەهمەن نادری لەلایەن لقی ٤ی لێپرسینەوەی داواکاری گشتی و شۆڕشی کرماشانەوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت"، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. شایانی باسە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانیشتنێکی تر لەسەر تۆمەتەکانی بەڕێوە دەچێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە