بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ شاکر بێهرووز بەندکراوی سیاسی کورد مانی لە خواردن گرت

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٠:٥١

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

شاکر بێهرووز، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی درێژەداری سزای بەندکرانی نایاسایی سەرباری تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرت. ناوبراو ٥ ساڵ و یەک مانگ و ٧ ڕۆژی ڕابردووی بێ کەڵکوەرگرتن لە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەدا تێپەڕ کردووە و لەو ماوەیەدا دوو جار سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و هەر دوو جارەکە سزاکەی ڕەت کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤) ەوە، شاکر بێهرووز، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی "دزەی مەرگەوەڕ" سەر بە شاری ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی دۆسیەکەی مانی گرتووە و ئەمڕۆ سێیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕ دەکات.

ماوەی سزای بەندکرانی شاکر بێهرووز زیاتر لە یەک مانگە کە تەواو بووە، سەرەڕای ئەوەش ئەو بەندکراوە سیاسییە بە ڕێگریی لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای ئورمیە و بە پاساوی ئەوەی ناوبراو دۆسیەی تاوتوێ نەکراوی هەیە، چارەنووسی نادیارە و لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە.

شاکر بێهرووز مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی "بغی" و "ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی ئەو سزایە بە تۆمەتی ئەندامبوونی ناوبراو لە حیزبی کۆمەڵە لەحاڵێکدایە کە شاکر بێهرووز پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لەلایەن ئەو دادگایە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. لە ئاکامدا سزای سێدارەی شاکر بێهرووز، لەلایەن لقی یەکی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە.

شاکر بێهرووز، خەڵکی "دزەی مەرگەوەڕ"، بۆ ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، و دوای جودابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و تەواوکردنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی لە بەهاری ٢٧٢٠ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ٢٧٢٠، لەلایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەتیی مێرمنداڵانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە کۆتایییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات، جێگیر لە شاری قۆم، پشتڕاست کراوە.

ئەو دۆسیە بە ڕەزایەت پێدانی بنەماڵەی سکاڵاچی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە دادگای ئورمیە تۆمارکرا بەسترا و شاکر بێهرووز هەر ئەو ڕۆژە کە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابۆوە، بۆ ژووری گشتی بەندیخانە گەڕێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە