ناڕوونی چارەنووسی کەماڵ لوتفی سەرەڕای تووشبوونی ناوبراو بە نەخۆشیی پێست

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٣٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە لەم دوایییانەدا سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی دوو حەفتە لە دەستبەسەربوونی و هەروەها تووشبوونی بە نەخۆشیی پێستی سەدەفی (پسۆریازیس) چارەنووسی نادیارە و هەر ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراوی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان کە دوو حەفتە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی بێ ئاکام ماوەتەوە.

کەماڵ لوتفی ساڵی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو و لە بەندیخانەی ناوەندیی کامێران تووشی نەخۆشیی پێستی سەدەفی یان (پسۆریازیس) ببوو، و لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بێبەش کرابوو و هەر ئەوە بووە هۆی سەختتربوونەوەی نەخۆشییەکەی.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی لوتفی لەو بارەدا بە هەنگاوی وتووە کە: "لەم دوایییانەدا ناوەندە دەرمانییەکانی هەمەدان و سنە و دوکتۆرەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ناوبراو بەهۆی سەختتر بوونەوەی نەخۆشییەکەی ناتوانێت سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ بکات، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دیسان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەستبەسەربوونی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لێکەوتووەتەوە."

هەنگاو لەم دوایییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە کەماڵ لوتفی لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولان بە تۆمەتی"چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای یەک ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتی بە خامنەیی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی (خومەینی) " سزای ٢ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە جێبەجێکردنی ماددەی ٥١٠ی یاسای دادوەریی تاوانەکان (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، قورسترین سزا واتە سزای ٢ ساڵ بەندکران بۆ کەماڵ لوتفی تەمەن ٤٦ ساڵ کە لەم دوایییانەدا دەستبەسەر کراوە جێبەجێ دەکرێت.

کەماڵ لوتفی، باوکی دادخواز و تەمەن ٤٦ ساڵی خەڵکی دێولان، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ دادگای شۆڕشی شاری قوروە بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرا.

ڕەزا لوتفی لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتییەکانی ڕژێم کوژرا.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی خۆیدا، لەسەر ئەوەی کەماڵ لوتفی بەردەوام دوای کوژرانی کوڕەکەی، لەژێر گوشاری ناوەندە حکومتییەکاندا بووە پێداگری کردووە. ئەو ئەندامە لە بنەماڵە دادخوازەکان، لە وەڵامی بانگەشەی ناوەندە حکومەتییەکان سەبارەت بەوەیکە کوڕەکەی لەلایەن "دژبەرانی شۆڕش" کوژراوە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیە ڕایگەیاند کە منداڵەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.

شایەنی باسە کە، پێشتر کەماڵ لوتفی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی کامێران گواسترایەوە.

ئەو باوکە دادخوازە لە ئاکامدا دوای تێپەڕکردنی ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرا.

کەماڵ لوتفی لە بەندیخانەی کامێران تووشی نەخۆشیی پێستی بووە و بەهۆی ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان چەند جار مانی لە خواردن گرتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە