توماج ساڵحی، هونەرمەندی ناڕازی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٠٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

توماج ساڵحی، هونەرمەندی ناڕازی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە تۆمەتی "افساد فی الارض" قورسترین سزا واتە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئەمیر ڕەئیسیان یەکێک لە پارێزەرەکانی توماج ساڵحی لە وتووێژێک لەگەڵ "کاناڵی شەرق" ڕایگەیاند: "لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیسفەهان، لە کرەوەیەکی کەم وێنەدا، سزای دیوانی باڵای وڵاتی لەسەر دۆسیەی ساڵی ٢٧٢٢ی توماج ساڵحی جێبەجێ نەکرد و بە "ئیرشاد" خوێندنەوەی ئەو سزایە و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی افساد فی الارض، قورسترین سزا واتە سزای سێدارەی بەسەر توماج ساڵحیدا سەپاند."

ڕەئیسیان لە درێژەی ئەو بابەتەدا وتوویەتی: "دادگای شۆڕشی ئیسفەهان تۆمەتی هاوکاری لە بەغی، پێکهێنانی باند و گرووپ، چالاکی تەبلیغیی دژ بە نیزام و بانگهێشتی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایش، بابەتی ماددەی ٥١٢ی یاسای سزاکانی بە نیشانەکانی افساد فی الارض، بابەتی ماددەی ٢٨٦ی یاسای سزاکان زانیوە و بە پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی بەربڵاویی افساد، سزای سێدارەی بەسەر توماج ساڵحیدا سەپاندووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە پێشتر هەر ئەو لقە، بەربڵاویی تۆمەتی افساد فی الارضی ئاشکرا نەکردبوو. بەڵام خاڵی سەیر لەوەدا بووە کە دادگای سەرەتایی، بێجگە لە سزای سێدارە، هەندێک سزای دیکەشی لەبەر چاو گرتووە و توماج بە دوو ساڵ قەدەغەبوونی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران، ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چالاکیی هونەری و بەشداری لە پۆلەکانی بەڕێوەبردنی شێوەی هەڵسوکەوت و شارەزایی زانینی دادگوستەری ئیسفەهانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەو دادگایە هەروەها سزای هەڵپەسێندراوی توماجیشی بە جێبەجێکراو زانیوە."

ناوبراو پێشتر لەلایەن ئەو لقە بە تۆمەتی "افساد فی الارض" سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی"سووکایەتی بە خومەینی" و "پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە دژبەرەکان"، بێبەریکرا و وەکوو سزای زیادە، قەدەغەبوونی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

توماج ساڵحی، ئێوارەی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، دوای تێپەڕکردنی ١ ساڵ و ٢١ ڕۆژ بەندکران کە ٢٥٢ ڕۆژی لە ژووری تاکەکەسیدا تێپەڕ کردبوو، دوای ئەوەیکە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران ڕەت کرایەوە، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان ئازاد کرا.

ئەو هونەرمەندە ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە گوندی گێردبیشەی سەر بە بەشی گەندۆمانی شاری برووجێن لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری دەستبەسەر کرابوو.

توماج ساڵحی بۆ جاری دووەم ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییە چەکدارەکان لە شاری بابۆل لەگەڵ توندوتیژی و لێدان و کوتانی ئەو هێزانە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی دەستگردی شاری ئیسفەهان گواسترایەوە و ئێستا لەو بەندیخانە لە بەنددایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە