پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی سمەیە قادری خوشکی بەندکراوی سیاسی موحسین قادری

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٠٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی سمەیە قادری خوشکی بەندکراوی سیاسی موحسین قادری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە گوندی گزگەسک هێرشیان کردووتەوە سەر ماڵی باوک و دایکی سمەیە قادری و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

جێ ئاماژەیە، سمەیە قادری خوشکی بەندکراوی سیاسی موحسین قادر و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی دوو ساڵ و شەش مانگ سزا کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و ئێستاش لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری سمەیە قادرییان دەستبەسەر کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە