جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ئیلام
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی ڕەزا غوڵام حوسێنی و فەڕەخ خان محەممەدی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆقی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەریاندا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ناسنامەی ئەو دوو کەسە ڕەزا غوڵام حوسێنی تەمەن ٢١ ساڵ و فەرەخ خان محەممەدی تەمەن ٦٠ ساڵ بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.
بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار، ڕەزا غوڵام حۆسینی ساڵی ڕابردوو و فەرەخ خان محەممەدی ١٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێنرا.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.