هەڵەی پزیشکی گیانی منداڵێکی ئەستاند

٢٨ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٢:٠٢
هەنگاو: هەڵەی پزیشکی لەنەخۆشخانەی شاری پاوە، بووە هۆی گیان لەدەست دانی منداڵێک. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی شەممە رێکەوتی 24ی رەزبەر، کەسێک بەناوی "سەلما"  کە دوگیان بووە به‌ منداڵێکی 6 مانگاه‌، پاش ئەوەی تووشی ژانە سک دەبێ، سەردانی نەخۆشخانەی شاری پاوە دەکا کە لە ئاکامدا بە هۆی لێکدانەوەی هەڵەی پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەوە منداڵەکەی لەبار دەچێت. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری پاوە گوتی: "سەلما" خەڵکی گوندی هانەگەرمەڵەی سەربە شاری نۆدشەیە کە دوو جار بەهۆی ئازارەوە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و هەرجاره‌و بە تووڕەیی و بە بیانووی ئاسایی بوونی ژان و ئازارەکەیەوە رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. ناوبراو بۆ جاری دوهەم و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، منداڵەکەی لەدایک دەبێ و دوای ماوەیەکی کەم منداڵەکە گیانی لەدەست دەدا. سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە و هەروەها بەرپرسانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، هەتا ئێستا بەدواداچونی بنەماڵەی سەلما، هیچ ئاکامێکی نەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە سارە موحەمەدی، جێگری بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەری مێهر گوتبووی کە 3 کەس لەو پەیوەندیەدا رادەستی ئۆرگانی پەیوەندیدار کراون، بەڵام هەواڵنێری هەنگاو ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە. رۆژانە لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، گیانی هاووڵاتییان دەکەوێتە مەترسی و زۆرجار هەڵەکان دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشاخانەکان دەکەن.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە