ڕاپۆرتی "مین" لە کوردستاندا (ئۆکتۆبری ٢٠١٦)

١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٤:٥٢
هەنگاو:   ڕاپۆرتی "مین لە کوردستان" هەوڵ دەدا بە مەبەستی زەقکردنەوەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە بیاڤی تەقینەوەی مین، ڕاپۆرتی مانگانە لەسەر قوربانیانی مین لە کوردستان ئامادە و بڵاو بکاتەوە. بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە مانگی ئۆکتۆبر، بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق ، حەوت هاووڵاتیی کورد کوژراون یا بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئەم ماڵپەڕە، لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا شەش هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون و کەسیکیش گیانی لەدەست داوە. بەپێی ئەو ئامارانە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە بە ناوی "عەبدولقادر رۆستەمی" تەمەن ٢٧ ساڵ، دوای چەند ساڵ و بەهۆی کاری بوونی برینەکانیەوە کە لەئاکامی تەقینەوەی مین توشی ببوو، گیانی لەدەست دا. ماڵپەڕی هەنگاو لە مانگی ئۆکتۆبردا برینداربوونی ٦ هاووڵاتیی دیکە کە ٤ کەسیان مین‌هەڵگربوون تۆمار کردووە. بەپێی راپۆرتەکە، ریکەوتی ٩ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەوڵاوا، دوو هاوولاتی بەناوەکانی کەماڵ و جەماڵ فەتحی بریندار بوون. کەماڵ تەمە ٢٧ ساڵ و جەماڵیش تەنیا ١٨ ساڵ تەمەنی بووە کە لە گەڕەکی شێخانی سەوڵاوا کەوتبوونە سەر مین و بە توندی بریندار ببوون. ناوی ئەو ٤ مین هەلگرەی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار ببوون و لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو" تۆمار کراوە بە شیوەی خوارەوەیە؛ شەشەمی ئۆکتۆبر لە سنووری سەردەشت بە ناوەکانی "عەلی عەلی کەرەمی" و "محەممەد ئیبراهیمی" بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون. لە نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبریش بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری سەردەشت، دوو مینهەڵگری دیکە بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. ناسنامەی ئەو دوو مین هەلگرە "حوجەت چووبین" و "حوسین زولفەقاری" راگەیندراوە.   بڵاوکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لەم ئامارانە بە هێنانی ناوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە