خوێندکارێکی مەحکووم بە سێدارەی کورد داوای هاوکاری لە ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات

٩ خەرمانان ٢٧١٧، ٠٤:٢١
هەنگاو: خوێندکارێکی کوردی خڵکی کرماشان کە ماوەی ٢ ساڵە لە گرتووخانەی زاهیدان ڕاگیراوە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک داوای هاوکاری لە ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات. دەقی تەواوی ئەو نامەیە کە بە "هەنگاو" گەیشتووە لە خوارەوە دێت؛ سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤ ڕێپۆرتی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران   بەم شێوەیە ڕایدەگەینم کە من ئەبووبەکر ڕوستەمی کوڕی محەممەد تەقی و دانیشتوو کرماشان، خوێندکاری ڕشتەی پزیشکی و تەمەن ٢٣ ساڵ کاتێک دەمهەویست لە ڕێگای پاکستانەوە بچمە یەکێک لە وڵاتانی بیانی و کاتێک ویستم بچمە کراچی و لەوێشەوە بە مەبستی دریژەدان بە خوێندن ڕوو لە یەکێک لە وڵاتانی بیانی بکەم، لەلایەن گرووپێکی تیرۆریستی ناسراو بە BLP کە گرووپێکی بەلووچی پاکیستانییەو هاوکاری نزیکی سوپای پاسدارانی ئێرانە دەستبەسەر و پاش دوو ڕۆژ واتە لە ڕیکەوتی ٢٥ی گەلاویژی ١٣٩٤ی هەتاوی ڕادەستی ئێران کرامەوە. لەگەڵ ئەوەی کە گەورەترین تاوانی من چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران بوە، نزیکەی ٣١ ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سوپای زاهیدان و ٦٠ ڕۆژیش لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە بێ هەبونی مافی چاوپێکەوتن ڕاگیراوم و بە توندترین شێوە ئەشکنجە و ئازار دراوم و بێ ڕێزیم بەرانبەر کراوە تەنانەت هەڕەشەی دەستڕێژی سێکسییان لێم کردوە و لە ژێر ئەو گوشارانە ناچار بووم دان بە تاوانگەلێک بنێم کە ڕۆحیشم ئاگای لێیان نەبووە. ئێستا نزیک دوو ساڵە لە گرتووخانەی زاهیدان ڕاگیراوم و بە تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاسایشی وڵات سزای ٥ ساڵ زیندان و سێدارەم بەسەردا سەپێندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەو تاوانانەم ئەنجام نەداوە و ناچاریان کردووم کە بە ئەستۆی بگرم . بەڵام بەداخەوە دادگا هیچ گوێی بە قسەکانی من نەداوە و تەنیا ئەو دانپیدانانەی کە لە ژیر ئەشکەنجە کردبووم کردووەتە بەڵگە و سزای سێدارەی بۆ بڕیوەتەوە. هەر بۆیە لە سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ،کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤڕێپۆرتی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، ئێوە چالاکانی سیاسی  مافی مرۆڤی داوا دەکەم کە هەوڵەکانی خۆتان بۆ ڕزگار کردنی من بخەنە گڕ و نامەکانم بێ وڵام مەهێڵنەوە. ئەبووبەکر ڕوستەمی گرتووخانەی ناوەندیی زاهیدان خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە