کوژرانی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ و قوربانی منداڵ هاوسەری لە سەردەشت

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی سەردەشت بە ناوی فاتمە محەممەدپەناهی، لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە پاساوی "پاراستنی نامووس شەرەف" کوژرا. فاتمە قوربانی

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١١:١٠


هەنگاو؛ شەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی سەردەشت بە ناوی فاتمە محەممەدپەناهی، لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە پاساوی "پاراستنی نامووس شەرەف" کوژرا. فاتمە قوربانیی منداڵ هاوسەری بوو و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بەزۆر بە شوو درابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) فاتمە محەممەدپەناهی، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی مارەغانی سەردەشت لەلایەن دوو زڕبرای خۆیەوە بە ناوەکانی (ع.م) و (ب.م) بە پاساوی "پاراستنی نامووس و شەرەف" و بە کەڵک وەرگرتن لە چەک کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، «ش.م» هاوسەری ناوبراو لە کوژرانی فاتمە بەشداری کردووە. هەنگاو هەتا ئێستا ناتوانێت ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدایە، ئەو کچە قوربانییە نزیک ماوەی یەک ساڵ لەوە پێش و لەکاتێکدا کە تەنیا ١۶ ساڵی بوو بەزۆری بنەماڵەکەی مێردی بە ئامۆزاکەی کردووە.

ماوەیەک پێشتر، هاوژینی فاتمە محەممەدپەناهی ناوبراوی دابووە بەر لێدان و کوتان. لە ئاکامدا فاتمە یەک مانگ پێش کوژرانی بەمەبەستی جودابوونەوە لە مێردەکەی پەنای بۆ بنەماڵەکەی هێنابوو.

هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند لەماوەی شەش مانگی ئەوەڵی ئەو ساڵ لانی کەم ۵٢ ژنکوژی لە ئێران تۆمارکراوە کە ٢٠ حاڵەتی بە پاساوی "پاراستنی نامووس و شەرەف" بووە.

بەپشتبەستن بە ئامارەی تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۶ ژنکوژی لە پارێزگای ئورمیە تۆمارکراوە کە هەر شەشیان کوشتن بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس بووە و سێ کەس لە قوربانییان ژێر ١٨ ساڵ بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە