ڕووداوی کار بوو بە هۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵێکی خەڵکی شاری دێولان

منداڵێکی کاری خەڵکی شاری دێولان سەر پارێزگای سنە بە ناوی مارتین حوسێنپەناهی، بەهۆی ڕووداوی کار لە یەکەیەکی بەرهەمهێنانی

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٠٩:٢٥

 

هەنگاو: دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

منداڵێکی کاری خەڵکی شاری دێولان سەر پارێزگای سنە بە ناوی ماردین حوسێنپەناهی، بەهۆی ڕووداوی کار لە یەکەیەکی بەرهەمهێنانی نزیک شاری سنە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، منداڵێکی کار بە ناوی ماردین حوسێنپەناهی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "تازاوا"ی سەر بە ناوچەی ناوەندیی شاری دێولان، لە کۆمپانیایەکی سەوەتەسازی لە گوندی "سەڵەواتاوا"ی نزیک لە شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ماردین حوسێنپەناهی، قوربانیی دیاردەی منداڵانی کارە و لە کاتی کارکردن بە ئامێری دروستکردنی سەوەتە، کەوتووەتە ناو چەرخی ئامێری کۆمپانیاکە و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە گیانی لەدەست داوە.

سەرەڕای بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی ئێران لەسەر پابەندبوون بە کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان و هەروەها پەیمانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕێوشوێنێکی ئەرێنیی بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی مافی خۆشبژێوی و کەمترین مافەکانی منداڵان وەک مافی خۆراک و خوێندن و ستانداردەکانی تەندروستی ڕەچاو نەکردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە