نەغەدە؛ حوسێن مەحموودپوور بەبارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکرا

٢٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٠:٥٠

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

حوسێین مەحموودپوور هاووڵاتی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شاری پیرانشار دوای نزیک چوار مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، حوسێن مەحموودپوور هاووڵاتی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار دوای ١١٨ ڕۆژ دەستبەسەر کران (نزیکی چوار مانگ) بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە ئازاد کرا.

حوسێن مەحموودپوور دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەر کرانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ٢٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە لە ژێر لێپرسینەوە ئەشکەنجەدا بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە گواستراوەتەوە.

هەنگاو زانیوییەتی کە، حوسێن مەحموودپوور لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێ بەش بووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی ئەندامییەتی و هاوکاری کردنی لەگەڵ لە حیزبەکانی کوردستانی خراوەتە پاڵ.

حوسێن مەحموودپوور بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە هێرش کرایە سەر ماڵەکەی لە گوندی گەرگوول لە نزیک شاری پیرانشار و بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە