ئیلام؛ خۆکوشتنی کومەیل زەندخانی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دوای بانگکران و هەڕەشەکردن لە ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

کومەیل زەندخانی، لاوی کوردی خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، چەند کاتژمێر دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئە

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٠:٣٢

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

کومەیل زەندخانی، لاوی کوردی خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، چەند کاتژمێر دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو ساڵی ڕابردووش دوو جار دەستبەسەرکرابوو و بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە سەرکەوتوو نەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٨ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، کومەیل زەندخانی (محەممەد کومەیل) لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ئیلام لە شوێنی ژیانەکەی لە گەڕەکی ئازادی لە بینایەکی ٦ قاتەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەندخانی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "خۆکوشتنی کومەیل دوای بانگکران و لێپرسینەوە و هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لەو مێرمنداڵە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕوویداوە."

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکراوە و دوایین جار هەڕەشەی لێکرابوو کە ئەگەر خۆی ڕادەست نەکات دەستبەسەر دەکرێتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە تەنیا دوو کاتژمێر دوای خۆکوشتنی کومەیل زەندکەریمی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەرمی ناوبراویان لەگەڵ مۆبایلەکەی ڕفاندووە و نیوەڕۆی ئەمڕو دوای وەرگرتنی بەڵێن لە بنەماڵەکەی لەسەر میدیایی نەکردنەوەی ئەو ڕووداوە، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. شایەنی باسە کە مۆبایلی کومەیل هێشتا لە دەست هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە و بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەندخانی لە درێژەی ئەو باسەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی پێشوو هەڕەشەیان لە کومەیل کردبوو کە ئەگەر لەگەڵیان هاوکاری نەکات، بەرپرسیاریەتیی کوژرانی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت لە ئیلام و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە ئەستۆی ئەو دەخەن و بنەماڵەکەشی دەبێت تێچوویەکی زۆر بدەن و هەر ئەوە بووەتە هۆکاری خۆکوشتنی کومەیل."

شایەنی باسە کە کومەیل زەندخانی مانگی ڕێبەندانی (فێبریوەری) ساڵی ڕابردووش دوای ئازادبوون و ئەشکەنجەدرانی لە ڕەوتی دەستبەسەربوونەکەیدا، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.

کومەیل زەندخانی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا لە ڕێکەوتی یەکی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ دەستبەسەرکرا و دوای چەند ڕۆژ بەدانانی بارمتە ئازادکرابوو و بۆ جاری دووهەمیش لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ دەستبەسەرکرا و دوای ١٩ ڕۆژ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدان تەرمی نیوە گیانی لە بەرانبەر درگای ماڵی دایک و باوکیدا داندرابوو.

هەنگاو ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی دەستبەسەربوونی محەممەد کومەیل زەندخانی، هەر شەو یەکێک لە هێزە حکومەتییەکان بە جلی ئاخوندەوە هۆشدارییان پێدەدا کە بە زووترین کات لە سێدارە دەدرێت و گوشارێکی دەروونی زۆرییان لەسەر ئەو مێرمنداڵە خستبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە