سروە پورمحەممەدی، ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەرکرا

لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، سروە پورمحەممەدی، ئەندامی چالاکی ئەم ئەنجوومەنە لە شاری سن

٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:٤٤


هەنگاو: یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، سروە پورمحەممەدی، ئەندامی چالاکی ئەم ئەنجوومەنە لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سروە پورمحەممەدی تەمەن ٣٥ ساڵ و بەرپرسی لقی سنەی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، دوای چوونی بۆ دادگای ئەم شارە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجوومەنی نۆژین، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرا.


هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکران، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی سروە پورمحەممەدی نەزانراوە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە سۆما پورمحەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین و خوشکی سروە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، کە بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی هاوژینەکەی، ئیدریس مینبەری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەم ئەنجوومەنە سەردانی دادگای کردبوو لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا.


لە هەمان ڕۆژدا، سەیوان ئیبراهیمی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین و هاوژینی زارا محەممەدی بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژین، کە لە ئێستادا ماوەی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕێنێت، دەستبەسەرکرا.


ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، نیوەڕۆی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا و هەتا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.


پێشتر، واران محەممەد نژاد تەمەن ٣٣ ساڵ، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی لقی سنەی ئەنجوومەنی نۆژین، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە ڕفێندرابوو کە دوای سێ حەوتوو بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا.


ئازد عەباسی، خەڵکی دێولان، چالاکی مەدەنی و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا و لە سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن لقی دوو دادگای تاوانەکانی شاری دێولان، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و ئاژاوەگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە کردن لە دژی نیزام، سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە