۱۵ مانگ لە بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە تێدەپەڕێت؛ بارودۆخی ئازاربەخشی بنەماڵە لە نەبوونی سەرپەرەست

ئەمڕۆ ٤٥٥ ڕۆژ لە بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە، خەڵکی بۆکان و لە ڕفێندراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی تێدەپەڕێت؛ سەرەڕای

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٠:٠٤

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ئەمڕۆ ٤٥٥ ڕۆژ لە بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە، خەڵکی بۆکان و لە ڕفێندراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی تێدەپەڕێت؛ سەرەڕای ئەوە هیچ ناوەندێک لە پێکهاتەی دادوەری، ئەمنییەتی و چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوبارەیەدا وەڵامێکی نەداوەتەوە. ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو لە نەبوونی سەرپەرەستدا، لەگەڵ کێشەی ئابووری، دەروونی و نەخۆشی بەسەر دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عوسمان مامە، تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، ماوەی یەک ساڵ و سێ مانگە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە.

لەو ماوەیەدا، هاوژینی عوسمان مامە چەندجار بە تەنیایی و یان لەگەڵ منداڵەکانی چووەتە فەرمانداریی بۆکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و تەنانەت ناوەندی سەروویاسایی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە "بەیتی ڕەهبەری" بەڵام تەواوی ئەو ناوەندانە لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون سەبارەت بە عوسمان مامە ڕێگری دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی عوسمان مامە و کەسە نزیکەکانیان، بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆخی یاسایی عوسمان مامە لەگەڵ هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

هەتا ئێستا بنەماڵەی عوسمان مامە بەهۆی گوشاری ئابووری لەبەر بێسەروشوێنکردنی ناوبراو، وەکوو سەرپەرەستی بنەماڵە، لەبەر خەساری جددی ڕووبەڕوون. هەروەها، هاوسەری عوسمان مامە تووشی میگرێن بووە و منداڵی گەورەی بنەماڵە ئازاری دڵی هەیە و منداڵی بچووک بەسەختی تووشی خەمۆکی بووە.

عوسمان مامە هەتا ئێستا، تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و هیچ بەڵگە و نیشانێک لە ناوبراو دوای ڕفاندنی نەدۆزراوەتەوە.

عوسمان مامە پێش بێسەروشوێنبوونی وەکوو کرێکار لە کارگەیەکی پەروەردەکردنی مریشک لە شاری دووکانی هەرێمی کوردستان خەریکی کار بوو و حەقدەستەکەی بە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ژیانی بنەماڵە بە هەژمار دەهات.

عوسمان مامە، دانیشتووی شاری بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندرا و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی یەکێک لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤە کە کەسێک لەلایەن دەوڵەت یان ڕێکخراوەیەکی سیاسییەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەشاردرێتەوە، بێ ئەوەیکە زانیارییەک لەسەر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەست بنەماڵەکەی یان کۆمەڵگا داندرێت. ئەو کارە زۆربەی کاتەکان بەمەبەستی ترساندن و تۆقاندن یان وەکوو ڕێگایەک بۆ سەرکوتکردن و سزادانی دژبەرانی سیاسی ئەنجام دەدرێت. بێسەروشوێنن کردنی زۆرەملێ پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ بە ئەژمار دێت و دەبێتە هۆی ئازار و بڕوانەکردنێکی قووڵ لە بنەماڵە و هاوڕێیانی قوربانیدا.

هەنگاو بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پاڵپشتی لە هەموو کەسایەتییەکان لە بەرانبەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا، دەوڵەتی ئێران بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە دەزانێت و داوای وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لەو بوارە و هەروەها دەستڕاگەیشتنی خێرای بنەماڵەکەی بە خزمەتی یاسایی و پارێزەر و هەروەها خزمەتی تەندروستی بۆ ناوبراو دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە