دینا قالیباف ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆ لە تاران دەستبەسەر کرا

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٨:٥٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دینا قالیباف، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی بەهەشتیی تاران کە ڕۆژی ڕابردوو لە لاپەڕەی ئیکسەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی لە یەکێک لە وێستگەکانی میترۆی تاران و گێچەڵی سێکسی پێکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دینا قالیباف، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی بەهەشتیی تاران و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووسی دینا زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

دینا قالیباف ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئیکسدا نووسیبووی کە: "دوێنێ لە ژووری پۆلیسی وێستگەی میترۆی سادقیە کاتێک پێداگریم لەسەر ئەوە دەکرد کە تا کاتێک باج دەدەم بە دەوڵەت، مافی کەڵک وەرگرتن لە میترۆشم هەیە، بە بەکارهێنانی توندوتیژی منیان بردە ژوورێک و شۆکێریان لێمدا. تەواوی ئەو ماوەیە دەستمیان بە دەستبەسەند بەستبۆوە و یەکێک لە هێزەکانیان گێچەڵی سێسکی پێم کردووە."

دینا قالیباف خوێندکاری بەشی کارناسیی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەهەشتیی تارانە و پێشینەی هاوکاری لەگەڵ چەند ئاژانسی هەواڵنێری وەکوو "ایسنا" و" اقتصاد آنلاین"ی بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگکراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە