گیلان، دەستبەسەرکرانی مەریەم، مەهسا و مەیسەم بەسیر تەوانا له ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٣:٤٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣

مریەم بەسیر تەوانا، مەهسا بەسیر تەوانا و مەیسەم بەسیر تەوانا لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و خویشک و برای مێهران بەسیر تەوانا لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سومێعە سەرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعات لە شار فوومن سەر بە پارێزگای گیلان، مریەم، مەهسا و مەیسەم بەسیر تەوانا لە ئەندامانی بنەماڵەی داخوازانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هەرجۆرە بەڵگەیک یاسایی و دادوەری، بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە ئەوانیان دەستبەسەرکردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ کەسە لە بەردەستدا نییە و بە دواداچوونی بنەماڵەکانیان لەو بارەوە بێ ئاکام بووە.

جێ ئاماژەیە، مەهسا بەسیر تەوانا ساڵی ڕابڕدووش لە مانگەکانی خەزەڵوەر و گەلاوێژ دووجار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.

مێهران بەسیر تەوانا، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵان و خەڵکی شاری فوومن، سەر بە پارێزگای گیلان ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری سومێعە سەرا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان سینگی پێکرا و کوژرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە