جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێران و لە ماوەی کەمتر لە ٤ مانگدا

١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٢٨

هەنگاو؛ شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە جێبەجێکرانی سزای سیدارەی پێنج بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی زەمان تاهیری، سەلام تاهیری، ئیبراهیم نوورزێهی، غوڵام قادرسامانی و وەلیوڵڵا بەخت ئاوەر لە بەندیخانەکانی مەشهەد و تەورێز، ژمارەی بەندکراوانی لە سێدارەدراوی خەڵکی ئەفغانستان کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤وە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراون، گەیشتە ١٤ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ٤ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی زەمان تاهیری، سەلام تاهیری، ئیبراهیم نوورزێهی و غوڵام قادرسامانی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەکیل ئاوا) جێبەجێکرا.

ئەو چوار بەندکراوە کە دوو کەسیان بران، پێنج ساڵ پێشتر دەستبەسەر کرابوون و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەشهەد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو چوار بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لەلایەن میدیا حکومەتییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئەپریل)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بەناوی وەلیوڵڵا بەخت ئاوەر تەمەن ٣٣ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کراوە. ناوبراو سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی تا ئێستا (ماوەی کەمتر لە ٤ مانگ) لانی کەم ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون. لە ساڵی ٢٠٢٣ سزای سێدارەی ٢٨ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە