جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ لە پارێزگای کرمان

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٠٧


هەنگاو، دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی مەهدی بامری (میرەکی) خەڵکی شاری دەلگان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندی کەهنووج جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بەهۆی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرابوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی مەهدی بامری تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری دەلگان لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کەهنووج سەر بە پارێزگای کرمان جێبەجێکرا.

مەهدی بامری دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرا. ناوبراو ڕۆژی ڕابڕدوو دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی ئەنجام داوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لەلایەن میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای داوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە