کوژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٥٤

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەناوی عەتا ڕۆستەم‌پوور لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. ناوبراو سیەمین کۆڵبەری کوژراو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ڕەوتی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەناوی عەتا ڕۆستەم‌پوور تەمەن ٤٠ ساڵ گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی عەتا ڕۆستەم‌پوور بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

شایانی ئاماژەیە کە، ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە