سنووری بانە؛ کوژرانی کاسبکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٢٩

هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کاسبکارێکی کورد و خەڵکی بانە بەناوی محەممەد قادری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی ئەو شارەدا کوژرا. ئەو کاسبکارە باوکی پێنج منداڵ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری "گوڵەسوور"ی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کاسبکارێک بەناوی محەممەد قادرییان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوشتوویانە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نزیکی "کانێکسی خەرجەک" بەبێ ئاگادارکردنەوە پێشوو و لە مەودای نزیک بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژیان لەو کاسبکارە کردووە و لە ئەنجامیدا جەستەی بە چەندین گوللە پێکراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، تەرمی محەممەد قادری ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. محەممەد قادری خەڵکی گوندی "شوێ" سەر بە شاری بانە، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە