جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٤٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوی حەسەن موحەرێر لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا و هاوکات چوار بەندکراوی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکیان گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوی حەسەن موحەرێر خەڵکی گوندی (لەرنی) سەر بە ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە چەند ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەسەن موحەرێر لە میدیاکانی حکوومەت بەتایبەت میدیای سەر بە دەسزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەنگاو زانیویەتی ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٤ بەندکراوی دیکە کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی دەریای ئورمیە گواستراونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە