جێەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١١:٠٠

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی ئورمیە و پیرانشار بە ناوەکانی حەسەن عەرەبی، عەبدالە حەسەنزادە و حەسەن چووپانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٩ی مەیی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن چووپانی، خەڵکی گوندی "شەهرەستین"ی سەر بە شاری پیرانشار، حەسەن عەرەبی، خەڵکی گوندی "ئەنبێ" و عەبدالە حەسەنزادە خەڵکی گوندی "یەنگجە"ی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا.

ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند ئەو چوار بەندکراوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی دەریا گواستراونەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە