ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەی لە شاری سنە

١٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٣٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ژنێکی لاو بەناوی شەهێن گوەیلی لە سنە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا. بکوژ هاوکات لەگەڵ سووتاندنی هاوژینەکەی، خۆی سووتاندووە و گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤)، ژنێکی لاوی خەڵکی سنە بەناوی شەهێن گوەیلی کە دایکی منداڵێکی ١٤ ساڵە بووە بەهۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی سووتاندندا لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستدا.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، شەهێن گوەیلی ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ (٢٧ی مەی)، لە ماڵی دایک و بابی لە گەڕەکی غەفووری سنە لەلایەن هاوژینەکەی بەناوی مێهران محەممەدی ئاگر تێبەر دراوە و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گواستراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی گوەیلی، شەهێن ماوەیەک پێش بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی ڕۆیشتبووە ماڵی دایک و بابی و داوای جیابوونەوەی کردبوو. ڕۆژی ڕووداوەکە مێهران داوای لێکردبوو بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و دوای ئەوەی شەهێن ئامادە نەبووە بگەڕێتەوە، مێهران نەوت دەکات بەسەر خۆی و شەهێندا و هەردووکیان ئاگر دەدات.

شایەنی باسە کە مێهران محەممەدیش هەر ئەو ڕۆژە و هەر لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستداوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە