دەستبەسەر کرانی مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر لە چالاکانی مەزهەبیی کورد لە سەردەشت

١٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٣٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر لە چالاکانی مەزهەبیی کورد و بەر نوێژی گوندی "کۆنە مشکێ" سەر بە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەردەشت بە هێرش کردنە سەر ماڵی مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر، بەر نوێژی گوندی "کۆنە مشکە" ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ٣ی بەیانی و بە چەند ئۆتۆمبێلێک پڕ لە هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکوانە مەزهەبییە و سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی و سووکایەتی و بێ ڕێزی بە ئەندامانی بنەماڵەی مامۆستا بەرزگەر، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو، چارەنووسی و شوێنی ڕاگرتنی مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە