دەستبەسەرکرانی مامۆستا حوسێن عەلیمورادی دوای بانگکرانی بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:١٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ بانەمەڕی ٢٧٢٤

مامۆستا حوسێن عەلیمورادی بەرنوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سنە دوای بانگکرانی بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هەر ئەم دادگایەوە و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سزای ١٦ مانگ بەندکران و ٢ اڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤)، مامۆستا حوسێن عەلیمورادی بەرنوێژی مزگەوتی (ئیبراهیم خەلیلوڵڵا) لە کەمەربەندی عەباس ئاوای شاری سنە دوای بانگکرانی بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی شاریهەمەدان دەستبەسەر کرا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیاریکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، چارەنووسی مامۆستا حوسێن عەلیمورادی لە بەردەستدا نییە.

جێ ئاماژەیە، مامۆستا حوسێن عەلیمورادی، پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی هەمەدان بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی ناوخۆیی" و "بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" ١٦ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنرابوو.

هەروەها، مامۆستا حوسێن عەلیمورادی لە مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ بە "تۆمەتی تێکدانی ڕای گشتی" و لە خاکەلێوەی ٢٧٢٣ هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی هەمەدان، دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بە سەریدا سەپێنرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە