دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی سایین قەڵا لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٧:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سایین قەڵا، بە ناوەکانی عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە، شارام سوڵتانی و ڕەحمان خەسرەوی بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەتی نەورۆز لە کوردستاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٩ی مەی ٢٠٢٤)، لە گوندی "حاجی ئاوای جەغتو" سەر بە شاری سایین قەڵا، چوار هاووڵاتیی بە ناوەکانی عۆسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە، شارام سوڵتانی و ڕەحمان خەسرەوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هێزەکانی ئیدراەی ئیتلاعات کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی ئەم چوار هاووڵاتییە، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و پشکنینی ماڵەکانیان، ئەو چوار کەسەیان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر تۆمەتەکانی وەپاڵداو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە