بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی لانی کەم دوو هاووڵاتیی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٥٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی هێمن ئیبراهیم حەمزە و ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتایییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٩ی مەی ٢٠٢٤)، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی هێمن ئیبراهیم حەمزە، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" سەر بە شاری بۆکان و ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، خەڵکی گوندی "ئالیکەند" سەر بەو شاوە و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزی کوردستاندا بووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە. محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، دوای ٥ ڕۆژ لە کۆما بوون بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا لە نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان گیانی لەدەستدا. هەنگاو ئاگادار کرابووەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان سەرەڕای بەسەختی ئەشکەنجەدانی ناوبراو بۆ ماوەی سێ حەفتە لە پێدانی ئاو بە ناوبراو ڕێگرییان کردبوو و هەر بەو هۆکارەوە ڕۆیشتبووە کۆماوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە