رزگاری مێرمنداڵێکی کورد لە سێدارە/ ١٧ مێرمنداڵ سزای سیدارەیان هەیە

٢ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٤:٥٢
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد کە لە مێرمنداڵیدا تووشی تاوان ببوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی خاوەن سکاڵا، لە سێدارە رزگاری بوو. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەری مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز، سزای سێدارەی مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز بەناوی ئازاد محەممەدزادە بۆ ١٠ ساڵ ڕاگیران لە گرتووخانە کەم کرایەوە. ماڵپەڕی "رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" لەوبارەوە نووسیویە کە " خاوەن سکاڵاکانی پەروەندەی ئازاد محەممەدزادە لە گرتووخانەی ناوەندی سەقز کە لەتەمەنی ١٥ ساڵاندا کەسێکی کووشتووە، چوونەتە دادگای سەقز و لە بکوژی ڕۆڵەکەیان خۆشبوون." سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییە رایگەیاندووە کە :" خاوەن سکاڵاکان تەنیا لەبەر جێژنی مەلوود  ئازادیان بەخشییوە و لەبەرانبەردا وتوویانە دەبێ ١٠ ساڵ لە گرتووخانە بمێنێتەوە." ئازاد محەممەد زادە کوڕی عوسمان لەدایکبووی ٢٢ی پووپەڕی ١٣٧٦ ، لەڕەشەممەی ١٣٩١ بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست دەستبەسەر و لەەزبەری ١٣٩٤ لەلایەن دادگای گشتیی سەقزەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی یاساکانی ئێران تەمەنی سزای تاوانەکانی منداڵان ١٥ سال بۆ کوڕ بو ٩ ساڵ بۆ کچان دیار کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کە کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان لەسێدارەدانی کەسانی ژێر ١٨ ساڵ رەد دەکەنەوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەئێستادا ١٧ هاووڵاتیی کورد کە لەتەمنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، چاوەڕوانی بەرێوەچوونی سزاکەیان دەکەن.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە