بەندیخانەی زەنجان؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو هاوژینی خەڵکی سایین قەڵا

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:٥٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو هاوژین بە ناوەکانی ئیسماعیل حوسێنیانی و مەرجان حاجیزادە خەڵکی سایین قەڵا، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری زەنجان جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١١ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی دوو هاوژین بە ناوەکانی ئیسماعیل حوسێنیانی تەمەن ٢٩ ساڵ و مەرجان حاجیزادە تەمەن ١٩ ساڵ، هەر دوو خەڵکی سایین قەڵا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری زەنجان جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاوژینە کە هاووڵاتی تورک، خەڵکی سایین قەڵا و دانیشتووی شاری زەنجان بوون، نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە شاری زەنجان دەستبەسەر کران و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، مەرجان حاجیزادە لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا تەمەنی ١٦ ساڵ و چوار مانگ بووە و لە قوربانیانی منداڵ هاوسەری بووە. هەروەها ئەم ڕێکخراوە بڵاوی کردووەتەوە کە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە بەڵگەیەک کە منداڵبوونی مەرجان حاجیزادە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەدا بسەلمێنێت، دەستبخەن.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو هاوژینە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە