گوشاری ئیتلاعات بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێی خوێندکارێکی کورد

٢١ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٩:٢١

هەنگاو: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێران بە مەبەستی دانپێدانان بە تاوانی ئەنجامنەدراو، خوێندکارێکی کوردیان خستووەتە ژێر گوشار.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، سەعید ئیقباڵی، خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان، پاش چل ڕۆژ دەستبەسەرکران، کەوتووەتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی ئێران و داوای دانپێدانانی لێ دەکرێت.

ئەم خوێندکارە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٢ی ڕێبەندان / ١ی فێبریە) لە کرماشان لە ماڵی باوکیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم هەنووکە سەعید ئێقباڵی ـیان خستووەتە ژێر گوشار و داوای ئەوەی لێ دەکرێت کە دان بە تاوانێکدا بنێت.

ناوبراو ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ڕاگیراوە و بە تۆمەتی سازماندانی ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ساڵی زایینی لە ئێران دەستبەسەر کراوە.

ئەم خوێندکارە کوردە لە ماوەی ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا، گورچیلە و گوێچکەی ناوەندی چڵکیان کردووە و ڕێگەی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانەی پێ نەدراوە.

لەو پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووی ماڵپەڕی “هەنگاو”، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ئیلام لە ماوەی پێشوودا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش هەشت ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، تەرمەکەی لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمی ئێرانەوە، درایەوە بە بنەماڵەکەی.

ئەم خوێندکارە کوردە کە ناسنامەی تالب بەساتی ڕاگەیەندرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیمدا گیانی بەخت کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە