پدرام موعینی، خوێندکاری کوردی قۆناغی دکتۆرا بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندایە

پدرام موعینی، چالاکی مەدەنیی کورد و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای کۆمەڵناسیی سیاسی، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لەلایەن ئیدا

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٥٩


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣


پدرام موعینی، چالاکی مەدەنیی کورد و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای کۆمەڵناسیی سیاسی، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەدایە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پدرام موعینی، چالاکی مەدەنیی کورد و دانیشتووی شاری بانە، لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە و بەردەوام لەژێر گوشاردایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کوردە لە دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کراوە، تاکوو ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە و تەنیا یەک جار ڕێگەی پی دراوە کە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، لە شاری بانە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

پدرام موعینی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای بواری کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانستە توێژینەوەیییەکانی تارانی ناوەندە و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە گشتییەکانی شاری تاران، ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ جارێکی تر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە