کوژران و برینداربوونی ٩١ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٧:١٦

هەنگاو؛ دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٩١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندارکراون کە ٦٦٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی فێبریوەری ٢٤ حاڵەت واتا ٣٦٪ زیاتر بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٣ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٧٨ کۆڵبەریش بریندارکراون. لەو ماوەیەدا لانی کەم منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە بەناوی هەستیار عەبدولکەریمی بەهۆی ڕەق هەڵاتن گیانی لەدەستداوە و ٥ منداڵی کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی بانە، نەوسوود، سەقز و مەریوان بریندارکراون.

زیاترین کۆڵبەرانی کوژراو یان بریندار کە ٤٤ حاڵەت بووە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.
 

هۆکاری کوژران یان برینداربوون؛

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٦٠ حاڵەت بریتی لە (٤ کوژراو و ٥٦ بریندار) واتا ٦٦٪ کۆی حاڵەتەکان.
بەربوونەوە لە شاخەکان: ١٦ حاڵەت بریتی لە (٤ کوژراو و ١٢ بریندار) واتا ١٧.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
ڕەق بردنەوە: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو) واتا ٢٪ کۆی حاڵەتەکان.
تەقینەوەی مین: ٤ حاڵەت بریتی لە (٤ بریندار) واتا ٤.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتووچۆ: ٣ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو و یەک بریندار) واتا ٣.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
ڕاوەستانی دڵ: یەک حاڵەت بریتی لە (یەک کوژراو) واتا ١٪ کۆی حاڵەتەکان.
لێدان و کوتان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە: ٤ حاڵەت بریتی لە (٤ بریندار) ٤.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
فڕێدانی بەرد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە: یەک حاڵەت (یەک بریندار ) واتا ١٪ کۆی حاڵەتەکان.
 

جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای کرماشان: ٤٢ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ٣٩ بریندار )
پارێزگای سنە: ٤٤ حاڵەت بریتی لە (٧ کوژراو و ٣٧ بریندار)
پارێزگای ئورمیە: ٥ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ٢ بریندار)


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە