بەڵگە و زانیاری لەسەر کوژرانی حکومەتیی کۆمار دەرئۆفتاده؛ ستافی پزیشکی لەژێر هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکاندا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کۆمار هەڵنەگرت

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە بە تازەیی بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، کۆمار دەرئۆفتادە، مێرمنداڵی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بەهۆی چارەسەرنەکردنی دەستبەجێی ستافی پزیشکی لە ئەنجامی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکاندا گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی فریاکەوتنی وڵاتەوە خراونەتەڕوو و لەلایەن سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو بە هەنگاو گەیشتوون، کۆمار دەرئۆفتادە، لەحاڵێکدا کە بە چەکی ساچمەیی و لە مەودای نزیکەوە بریندار کرابوو، بەهۆی دواخستنی بە ئەنقەست، کارنەکردنی دەستبەجێی فەرمانبەرانی فریاکەوتن بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان، لەبەر خوێنبەربوونی سەخت لە برینەکانییەوە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێراندا کە کۆپییەکی لەبەر دەستی هەنگاودایە، هاتووە کە: «نەخۆشەکە، بەڕێز "مجهول الهویە" (کۆمار دەرئۆفتادە) بەهۆی ترۆما و گوللەی ساچمەیی تووشی بریندارییەکی زۆر بووە و هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەبووە. دوای بانگەوازی فەرمانگەی ئاگایی و ڕاگەیاندنی ئەرکەکان، دەستبەجێ تیمەکە گەیشتوونەتە سەر تەختی قوربانییە بێ گیانەکە و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە. شایەنی باسە کە هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ پاراستنی گیانی ناوبراو لەسەر تەختی نەخۆشەکە کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەپێی فەرمان پابەند بە گواستنەوەی نەخۆشەکە بۆ نەخۆشخانەن، لە کۆتاییشدا نەخۆشەکە بەبێ پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان و ئاگایی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.»

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە «نەخۆشەکە بەبێ هێڵی ناو خوێنبەر و بەبێ نیشانەکانی لە ژیاندا بوون و دامەزراندنی ڕێگای هەناسە وەکو ئینتوبەیشن یان لارینژیال یان ماسکی قوڕگ ڕادەستی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە کراوە.»

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە نێوی ئاشکرا بکرێت، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا وتوویەتی: «دوای ئەوەی کۆمار کاتژمێر ٢٠ی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییە سەرکوتکەرەکان بە چەکی ساچمەیی نزیکیی گۆڕەپانی "محەممەد ئەوراز" بە سەختی بریندار کرابوو، لەلایەن دەسترێژکارەکانەوە ڕفێندرا و بە ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی تایبەتی لەسەر بوو، بردوویانەتە فەرمانگەی ئاگایی.»

ئەو مێرمنداڵە کە قۆڵ و کەمەر و سینگی بریندار کرابوو، وەک لە بەڵگەنامە وەرگیراوەکاندا دیاری کراوە، کاتژمێر ٢١ و ٤١ خولەک لەلایەن ڕزگارکەرانی ڕێکخراوی فریاکەوتنەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی " خومەینی" شاری پیرانشار و ڕادەستی پزیشکەکان کراوە.

بەگوێرەی بەڵگەنامە دەستکەوتووەکان و شایەتحاڵەکان و سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو منداڵە گیانبەختکردووە کە لەگەڵ هاوڕێکانی لە نزیکیی گۆڕەپانی محەمەد ئەوراز بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکات و لە کاتێکدا کە تەنیا پێکەوە قسەیان دەکرد بریندار کرا و نزیکەی کاتژمێرێک و ٣٠ خولەک لەحاڵێکدا کە بە سەختی بریندار بوو بەڵام لە ژیاندا مابوو لە فەرمانگەی ئاگایی لەژێر چاودێریدا بووە و دوای ئەوەی دڵنیا بوون لە ئەگەری مردنی، هێزە ئەمنییەکان دوای کاتژمێر و نیوێک ناوەندی فریاکەوتن (١١٥) یان ئاگادار کردووەتەوە.

کۆمار دەرئۆفتادە، لە دایکبووی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٠٦ و خەڵکی شاری پیرانشار، ئێوارەی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا کە تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٤ ڕۆژ بوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لە مەودای نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا؛ ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەر، دوای ئەوەی بە گوشار و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەس و کار و خەڵکی شارەکە تەرمەکەی لە ساردخانەی نەخۆشخانەکە وەرگیرا لە گۆڕستانی گوندی "زیۆکە"ی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

شایانی باسە کە، لە ساڵیادی کۆچی دواییی کۆمار، بنەماڵەکەی لە کردەیەکی هێمادار، کۆمەڵێک لە دوایین جل و بەرگی خوێناوی کۆماریان بریتی لە جامانە، شەڵوار، کراس و چاکەت و پێڵاوەکانی کە جێگای سەدان گوللەی ساچمەیی تێدا دەبیندرا کۆ کردەوە و لەبەر چاویان دانا.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بنەماڵەی کۆمار دەرئوفتادە بە هۆی دادخوازی خوێنی منداڵەکەیان چەندین جار لەژێر گوشار و هەڕەشە و دەستبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە داندراون.

٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، حەسەن دەرئۆفتادە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کرا و لێپرسینەوەی لێکرا. هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە ناوبراو کردبوو کە لە ٢٥ی گەلاوێژ خۆی لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسم بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی کۆمار بەدوور بگرێت. هەر لەو ڕۆژەدا هێزە ئەمنییەکان بە وەرگرتنی کێکی ڕۆژی لەدایکبوون و کەرەستەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکە ڕێگرییان لە ئامادەبوونی بنەماڵەی کۆمار لەسەر گڵکۆکەی کرد.

لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵڕۆژی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی، لە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، حەسەن و ماردین دەرئۆفتادە، باوک و برای کۆمار، بانگهێشتی فەرمانگەی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێکرا. هێزە ئەمنییەکان لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی ژن ژیان ئازادی هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دەرئۆفتادە کرد کە لە "بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان" و "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" خۆ بە دوور بگرن.

هەروەها ڕۆژێک پێش ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی کۆمار دەرئۆفتادە (٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣)، حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی ئەم مێرمنداڵە کوژراوە، دیسان بانگهێشتی فەرمانگەی ئیتلاعاتی پیرانشار کرا و هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێکرا.

هێزە حکومەتییەکان هەڕەشەیان لە حەسەن دەرئوفتادە دەرئۆفتادە کە لە ساڵیادی کوژرانی منداڵەکەی ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نییە.

"لە هەر شتێک زۆرتر ئازادیتان خۆش بوێت" لە ستۆرییە ئینستاگرامییەکانی کۆمار دەرئۆفتادە بوو کە لەسەر بەردی گڵکۆکەی هەڵکەندراوە.

شایەنی باسە کە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، تەنیا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، لانی کەم ١٤٧ هاووڵاتیی ناڕازی کوژران کە لەو ژمارەیە لانی کەم ١٣ کەس منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ و ٦ کەس ژن بوون.

لیژنەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ٨ی مارسی ئەو ساڵ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە: نموونەی جددیی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژ بە خەڵکی سڤیل، ژنان و کچان نیشاندەری «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی» یە.

لیژنەی سەربەخۆی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان کە لەلایەن شوورای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزرێندراوە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی نووسیویەتی؛ نموونەی جددیی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژ بە خەڵکی سڤیل، ژنان و کچان نیشاندەری «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی» یە و بە ڕای لیژنەکە شوێنهەڵگرتن و ئازاردان بەهۆی ڕەگەز و هەڵاواردن لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی بە یەکەوە گرێدراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە: خۆپیشاندەران هەڕەشەیەکی جددی دژ بە هێزە ئەمنییەکان نەبوون، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە چەکە کوشندەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە نایاسایی بووە و کوشتنی بەئامانجی خۆپێشاندەران بە لە سێدارەدرانی سەروودادوەری بە ئەژمار دێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە