ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئەپریلی ٢٠٢٤

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:١٢

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٣ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها ١٥ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٥ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٧ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمارکراوە.
 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٣ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە ئێران جێبەجێ کرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە مەرجان حاجیزادە خەڵکی شاری ساینقەڵا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی زەنجان، ژنێکی بەلووچ کە ناسنامەی تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی بیرجەند و سورەیا محەممەدی خەڵکی پاکدەشت بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە دراون.
 

دەستبەسەرکرانی ١٥ ژن لە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤، لانی کەم ١٥ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١١.٢٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەیە و ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

تاران؛ سەمانە ئەسغەری، هەستی ئەمیری، نەفیسە لەتیفیان، نگار عابیدزادە، ئاتنا فەرقدانی، دینا قالیباف، ئایدا شاکەرەمی و مینا خاجەوی قۆمی
فوومەن؛ مەریەم بەسیرتەوانا و مەهسا بەسیرتەوانا
ئەیوان؛ خەدیجە مەهدی پوور
مەشهەد؛ هەستی تالع‌تەلەب
ئیسفەهان؛ فەهیمە سوڵتانی
کەرەج؛ پەریسا ساڵحی
ئەهواز؛ مەریەم زەیلەکی
 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا لانی کەم پێنج چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران یەک لەوان لە سۆما پوورمحەممەدی لە مامۆستایانی زمانی کوردی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێنج چالاکی ژن کە نێوەکانیان لە خوارەوە هاتووە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم سزای ٢٧ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١_شەکیبا یەزدانی خەڵکی سەبزەوار سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢_پەروین میرئاسان خەڵکی شیراز سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٣_ئەرغەوان فەللاحی خەڵکی شیراز سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤_سۆما پوورمحەممەدی خەڵکی سنە سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٥_فەرەحناز نیکخوو خەڵکی تاران سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵیداوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
 

تۆمارکردنی ١٧ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤ لانی کەم ١٧ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٣ کەس لەوان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، هاوژینی پێشوو و براکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٨ ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، ١ ژن لەلایەن هاوژینە پێشووەکەی، ٣ ژن لەلایەن برا، یەک ژن لەلایەن دۆستەکەی و ٦ ژنیش لەلایەن کەسانێک بە ناسنامەی نادیارەوە کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ١٧ حاڵەت ژنکوژییە، ٣ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس، ٩ حاڵەت کێشەی خێزانی و ٣ حاڵەت کێشەی ئابووری بووە و لە باقی حاڵەتەکان هۆکار نادیارە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٤ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٤ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ١ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١ حاڵەت
پارێزگای مەرکەزی: ١ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە