برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد (نازناوی نادیار) و نووری درەزیارەت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کران. کا

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١١:٣٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد (نازناوی نادیار) و نووری درەزیارەت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کران. کاوان ڕۆستەمیش لەلایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و بە سەختی بریندار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٤)، محەممەد (نازناوی نادیارە) خەڵکی گوندی «سێوەر» سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود لە نزیک شاری پاوە بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە کەوتووەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و زیاتر لە ١٥ فیشەکی ساچمەی بەر دەموچاوی کەوتووە.

هاوکات، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوی کاوان ڕۆستەمی تەمەن ٢٤ ساڵە و خەڵکی شاری کامێران، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژالی شاری بانە، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لێی دراوە و بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەممە (١ی مارس)، کۆڵبەرێک بە ناوی نووری درەزیارەت تەمەن ٤٥ ساڵە و خەڵکی گوندی «درەزیارەت» سەربە بەشی سەرشیوی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژالی شاری بانە بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نووری درەزیارەت هەر دوو دەستی فیشەکی ساچمەی بەرکەوتووە و بەهۆی ڕۆیشتنی فیشەکەکان بۆ ناو جومگەکانی دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە