ڕاپۆرتێک لەسەر کوژران و برینداربوونی لانی کەم ٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بەناوی سەعید سەڵۆسی بەهۆی سەرماوە ڕەقهەڵاتووە. کۆڵبەرێک

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٤:٥٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بەناوی سەعید سەڵۆسی بەهۆی سەرماوە ڕەقهەڵاتووە. کۆڵبەرێک بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکان لاقی شکاوە و لانی کەم چوار کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٤)، تەرمی سەعید سەڵۆسی، کۆڵبەری تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی پیرانشار دوای دوو ڕۆژ گەڕان و بە هەوڵەکانی گرووپە خۆبەخشەکانی خەڵکەوە لە بەرزایییە سنوورییەکانی "قیزقاپان"ی ئەو شارەدا بیندراوەتەوە.

سەعید سەڵۆسی کە خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە ون بوو و بەهۆی ڕەقبردنەوە لە سەرمادا گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس)، منداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی دیواندەرە بەناوی پەیمان (ناوبانگ نادیار) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بەستامی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.

هاوکات جەبار نادری تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بریندار کرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێکی بچووکە.

هەروەها مەتین حوسێنی خەڵکی گوندی سەریاسی پاوە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار کرا و غولام فەیزی تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی کامێران لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بەهۆی بەربوونەوە لە جەستەیدا تووشی شکاندن بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە، ڕەزا نەزەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە سنووری نەوسوود لە مەودای یەک مەترییەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەی لێکراوە و دەموچاوی بەسەختی بریندارکراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەفتەی سەرەتایی ساڵی ٢٧٢٤دا لانی کەم ٥ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کۆڵبەریش بریندارکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە