دەستبەسەرکردن و مەترسیی ڕاگواستنی دوو هاوژینی پەنابەری سیاسی کورد بۆ ئێران

ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕەشاد محەممەدی و ئەژین (فەهمیدە) حوسێنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا

٧ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٥:١٧

هەنگاو: سێشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕەشاد محەممەدی و ئەژین (فەهمیدە) حوسێنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و ڕووبەڕووی مەترسیی ڕاگواستن و ڕادەستکردنەوەی ئێران بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوو چالاکی سیاسی بە ناوەکانی ڕەشاد محەممەدی، خەڵکی کامێران و هاوژینەکەی، ئەژین (فەهمیدە) حوسێنی، خەڵکی گوندی "بۆڕیەر"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و بۆ کەمپێکی نزیک شاری چناکالە گواستراونەتەوە و هەنووکەش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو دوو هاوژینە لە بەردەستدا نییە.

ئەژین حوسێنی، تەمەن ٣٠ ساڵ و ڕەشاد محەممەدی، تەمەن ٣٤ ساڵ، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان خەریکی چالاکیی سیاسی و ڕایگەیاندنی بوون و بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ناچار بوون کوردستان جێ بهێڵن و بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئارام هەوڵی کۆچکردنی بەرەو ئەورووپاییان داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو پەنابەرانە لەلایەن تورکیاوە و ئەگەری ڕادەستکردنەوەی ئەم ژن و مێردە بە ئێران و ئەگەری ئەشکەنجە و هەر سزایەکی نامرۆڤانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، داوای لە سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ڕێکخراو و دامەزراوەکانی پاراستنی مافی پەنابەران دەکات پاڵپشتی ئەو دوو پەنابەرە بن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە