ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٥٨

هەنگاو؛ هەینی ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

پەیڕەوی هەواڵی پێشووی هەنگاو لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، هەندێک زانیاریی نوێ بە دەستی هەنگاو گەیشتووە کە یەکێک لەو بەندکراوانە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی پژمان عەزیزی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی پژمان عەزیزی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کەنگەڤەر و دانیشتووی شارۆچکەی ویرەی شاری شەهریار سەر بە پارێزگای تاران، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، پژمان عەزیزی تەمەن ٢٢ ساڵ، سێ ساڵ پێش و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێک دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێشوو هەنگاو هەواڵی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو کە یەکیان ژن بوو بە ناوەکانی شەهناز، عەلیڕەزا ئاقایی، شەهرام شەرقی و پژمان عەزیزی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ڕاگەیاندبوو.

میدیا حکومەتییەکان هەواڵی لەسێدارەدرانی سێ کەس لەو بەندکراوانەیان میدیایی کردووەتەوە و هەواڵی لەسێدارەدرانی پژمان عەزیزی بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە