ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی پەناگەی ژنان لە شاری ئورمیە لەلایەن فەرمانگەی خۆشبژێوییەوە

٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٢٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

چەند کەسێکی سەر بە فەرمانگەی خۆشبژێوی شاری ئورمیە، بە هێرشکردنە سەر پەناگەی ژنانی "مێهرشەمس ئافەرید"، بە تەواوی ئەم پەناگەیان بەتاڵ کردووە دایانخستووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، پەناگەی ئەمنی مێهرشەمس ئافەرید لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی خۆشبژێویی شاری ئورمیە لە ژنانی قوربانی بەتاڵ کرا. چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی فاتمە باباخانی بەڕێوەبەری ئەم ناوەندە، بە هۆکاری ڕێگریکردنی چالاکی و بەتاڵکردنی ئەم پەناگەیە ڕاگەیندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فاتمە باباخانی، یاساناس و بەڕێوەبەری ئەم پەناگەیە، ڕۆژی شەممە ڕێگری کردبوو لە داخستنی ئەو پەناگەیە و ڕۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە هێزەکانی فەرمانگەی خۆشبژێوی بە بەرگەیەکی فەرمی ناڕوون، ئەم پەناگەیان داخستووە.

پەناگەی ژنانی "مێهرشەمس ئافەرید"، لە ساڵی ٢٧٢٠ بە فەرمی مۆڵەتی وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٧٢١ تاکوو ئێستا، پەنای بە بەشێکی زۆری ژنانی قوربانی توندوتیژی داوە و مانگانە ڕاوێژی پسپۆڕانە بە زیاتر لە ٥٠ ژنی قوربانی توندوتیژی خێزانی داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە