جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندی بەندەر عەباس

٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٧:٢٠


هەنگاو، یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی ڕاشد بەلووچی خەڵکی سەراوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی بەندەر عەباس ناوەندی پارێزگای هورموزگان جێبەجێکرا. ناوبراو کارتی سووری نەخۆشیی دەروونی هەبووە.

بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی یەکشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی ڕاشد بەلووچ ٣٥ ساڵان و خەڵکی شاری سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندی بەندەر عەباس جێبەجێکرا.


ڕاشد بەلووچی ٧ ساڵ پێش لە دوورگەی کیش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی شۆفێرێکی تاکسی کە ئەندامی خانەنشینی سوپای پاسداران بووە، دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدان بەسەریدا سەپێنراوە. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە و دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی ئەنجامدابوو.

ئەو بەندکراوە کارتی سووری نەخۆشیی دەروونی بووە و ناوەندی دادوەری بەبێ لە بەر چاوگرتنی بارودۆخی جەستەیی و دەروونی ناوبراو، سزای سێدارە بەسەریدا سەپاوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە، هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە لە میدیا حکوومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە