جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی تەمەن ٦۵ ساڵ لە شاری کرماشان

١٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٠٩

هەنگاو: شەممە، ١۵ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی تەمەن ٦۵ ساڵ بە ناوی خەسرەو باباوەلدینی و خەڵکی شاری هەرسین کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی خوسرۆ خەسرەو باباوەلدینی و تەمەن ٦۵ ساڵ، لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا (بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان) جێبەجێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی سەرماج حوسێنخانی، سەر بە شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان، ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەو بەندکراوە، خێزاندار و باوکی ٤ منداڵ بووە کە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە دەمەقاڵەیەکدا کەسێکی دیکەی کوشتووە و ماوەی ٢٠ ساڵ بە نهێنی ژیاوە، ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشان دواتر دەستبەسەر کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە