توماج ساڵحی دەبێت بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت، بەیاننامەی هەشتا بنەماڵەی دادخوازی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٠٨

هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لانی کەم ٨٠ بنەماڵەی دادخوازی کوردستان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کردارێکی بە نرخ و کەم وێنەدا لە ٢٥ شاری ئیلام، کرماشان، شاباد، قەسری شیرین، سونقوڕ، سەرپێڵی زەهاو، سەحنە، کەنگەڤەر، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، سنە، کامیاران، سەوڵاوا، دێولان، قوروە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، سەردەشت، شنۆ و ئورمیە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە بۆ یەکەمین جار لەلایەن هەنگاو بڵاو دەکرێتەوە سزای سێدارەی توماج ساڵحی ئیدانە دەکەن و بە نادادپەروەری و دژی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤی دادەنێن.
 

دەقی ڕاگەیەندراو لیستی ئەو بنەماڵانەی کە واژۆیان کردووە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بە ناوی ژن ژیان ئازادی

قەڵەم بشکێت گەر نەنووسێت چی بەسەر ئەو خەڵکەدا هات_ توماج ساڵحی

توماج ساڵحی دەبێت بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت!

ئێمە ژمارەیەک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان ڕایدەگەینین کە دەرکردنی سزای سێدارە بۆ هونەرمەندی ناسراوی خەڵک، توماج ساڵحی مەحکوم، نادادپەروەرانە، و دژی سەرەتایی ترین بنەماکانی مافی مرۆڤە و داواکاری ئازاد بوونی خێرا و بەبێ مەرجی توماج دەکەین. لە تەواوی ساڵانی ڕابردوودا، بە دەگمەن هونەرمەندێک بووە کە بتوانێت وەکوو توماج ساڵحی نە تەنیا دەنگی جیلی خۆی بێت، بەڵکوو چین و توێژە جیاوازەکانی ستەم و چەوساندنەوەش بە باشی بناسێت و وەک خۆی دەڵێت «دەنگی چینەکانی خوارتری کۆمەڵگا بێت لەبەر ئەوەیکە ئەوانەی سەرەوە دەنگیان هەیە».

ئێمە وەکوو بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، کەمتر هونەرمەندێک دەناسین کە وەکوو توماج بە دەنگێکی بەرز دەیان ساڵ چەوساندنەوەی سیستەماتیکی کوردستانی هاوار کردبێت و لە زمانی دایکییەوە هەتا لە سێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسیی کورد بەو شێوە هەستیارییەکی تایبەتی بووبێت، یان لە هاودەردی لەگەڵ ئازارەکانی کوردستان نکۆڵی نەکردبێت. ئەوانە هەموو بۆ ئێمە دەردەخەن کە هونەرمەندان و دەنگی شۆڕشگێڕانێک هەن کە گیانی مرۆڤیان لە هەموو شتێک بۆ گرنگترە.

توماج ساڵحی سەرمایەیەکی گەورەیە کە کۆماری ئیسلامی نە تەنیا بە سزای لە سێدارەدرانی هەوڵ دەدات پاشەکشەی پێ بکات، بەڵکوو دەیهەوێت بە کەسانێکی دیکەش بڵێت: «تاوانی سەربەستی و یەکسانیخوازی بۆ ئێوە قورسە. بشکێنەوە. هاوکاری مەکەن. بێدەنگ بن.» ئێمە دەزانین کە کوردستان بەبێ توماجەکان تەنیاتر دەمێنێتەوە و تەواوی کۆمەڵگای ئێرانیش دەزانن کە بێ توماجەکان ڕێگای گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری و دێموکراسی لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ دژوارتر دەبێت. کەواتە هەوڵدان بۆ ئازادبوونی توماج هەوڵ بۆ ئازادکردنی یەک کەس نییە، هەوڵێکە بۆ کامەرانی و بەختەوەری یەک کۆمەڵگا.

ئێمە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان بە ئێش و زامێکی هەتاهەتایی لەسەر دڵمان، لە تەواوی بنەماڵە دادخوازەکانی هاودەردی خۆمان و خەڵکی ئێران داوا دەکەین کە دەنگیان، بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت، دژ بە سزای لە سێدارەدرانی توماج ساڵحی بەرز بکەنەوە. ئێمە هەروەها نیگەرانیی خۆمان لە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوانی دیکە وەکوو ڕەزا ڕەسایی و موجاهید کورکور و سەرجەم ئەو بەندکراوانەی کە لەژێر سزای سێدارەدان ڕادەگەیێنین. لە بەندکراوانی سیاسییەوە تا چالاکانی مەدەنی، لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ تا چالاکانی سیاسیی دێموکراسیخواز، لە هونەرمەندە ئێرانییەکان تا هومەرمەندە جیهانییەکان، ئەمڕۆ دەبێت دەنگی توماج بین و پێکەوە، لە دەرەوە یان لە نێوخۆی ئێران زیاتر لە جاران بۆ ئازادبوونی بەبێ مەرجی توماج ساڵحی و دژ بەو سزایە هاودەنگ بین.

لیستی ئەو بنەماڵانەی کە واژۆیان کردووە:

بنەماڵەکانی، هوومەن عەبدوڵڵاهی، یەحیا ڕەحیمی، شاهۆ بەهمەنی، کەیوان دەروێشی، پەیمان مینبەری، داریوش عەلیزادە، ئاریان خۆشگەوار، سارینا ساعیدی، زانیار ئەڵلامورادی، محەممەد ئەمینی، محەممەد شەریعەتی، ڕامین فاتیحی، ئومێد حەسەنی، ئیبراهیم میرزایی، ئارام حەبیبی، موئمن زەندکەریمی لە شاری سنە.

بنەماڵەکانی، کوبڕا شێخە، ئازاد حوسێنپووری، سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، شەماڵ خەدیری پوور، مێهران ڕەحمانی، محەممەد ئەحمەدی گاگەشی، شۆڕش نیکنام، شاهۆ خزری، زانیار ئەبووبەکری، فایەق مام قادری و سمکۆ (ئیسماعیل) مەلوودی لە شاری مەهاباد.

بنەماڵەکانی محەممەد حەسەنزادە، هیوا جان جان، ئەمجەد عینایەتی، محەممەد حاجی ڕەسووڵ پوور، سالار موجاور، سولەیمان سەید شوکری، سامان قادربەیگی، شێرزاد ئەحمەدی نژاد، میلاد مەعرووفی، هەژار مام خەسرەوی و شەهریار محەممەدی لە شاری بۆکان.

بنەماڵەکانی سینا نادری، فەرهاد خەسرەوی و ئارمین سەیادی لە شاری کرماشان، عەلیڕەزا کەریمی و ئیمان محەممەدی لە شاری شاباد، ئەردەڵان قاسمی لە شاری گیەڵان، موحسین قەیسەری لە شاری ئیلام، مینو مەجیدی لە قەسری شیرین، ئێحسان قاسمی لە کەنگەڤەر، ڕوزبە خادێمیان و عەلیڕەزا فەتحی لە شاری سونقوڕ، سپێهر ئەعزەمی لە شاری سەحنە، ڕامین کەرەمی لە سەرپێڵی زەهاو، ئارین موریدی لە سەلاسی باوەجانی، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ ئەعزەمی لە شاری جوانڕۆ.

بنەماڵەکانی میلان حەقیقی، ئەمین مەعرفەت و عەبدولسەلام قادرگلوان لە شاری شنۆ، بنەماڵەکانی فەرجاد دەروێشی، عەبدوڵڵا مەحموودپوور و دانش ڕەهنما لە شاری ئورمیە، بنەماڵەکانی هێمن هەمزە و فریشتە ئەحمەدی لە شاری سەردەشت، بنەماڵەی سامان ڕەحیمی لە شاری تیکاب، بنەماڵەکانی سەمەد بەرگی نیا و تاهیر عەزیزی لە شاری پیرانشار.

بنەماڵەکانی ئیسماعیل دزوار، دانیال پابەندی، فەرەیەدوون فەرەجی، سەید محەممەد حوسێنی و فەرەیدوون مەحموودی لە شاری سەقز، بنەماڵەی نگین عەبدولمەلەکی لە شارو قوروە، بنەماڵەی حەبیبوڵڵا فەتحی لە شاری دیواندەرە، بنەماڵەکانی موحسین نیازی، ڕەزا لوتفی و شادمان ئەحمەدی لە شاری دێولان، بنەماڵەی نەسرین قادری لە شاری مەریوان، بنەماڵەی عیسا بیگلەری لە شاری سەوڵاوا، بنەماڵەی ڕەزا کازمی لە شاری موژژ و بنەماڵەکانی بورهان کەرەمی و فواد محەممەدی لە شاری کامێران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە