دەستبەسەرکرانی لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٨:٣٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

 

بە دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە شاری پیرانشار بە ناوەکانی محەممەد سوڵتانی و محەممەد مورادی، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەم شارەدا گەیشتە چوار کەس. هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی سمەیە قادری و حوسێن بایزیدی ڕاگەیاندبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "خورینج" و هاووڵاتییەکیان بە ناوی محەممەد سوڵتانی دەستبەسەر کردووە.

ئەم هێزانە هەروەها محەممەد مورادی خەڵکی گوندی "بێکۆس"یان لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو دوێنێ هەواڵی دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سمەیە قادری لە گوندی "گزگەسک" و حوسێن بایزیدی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاندبوو.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دەستبەسەرکرانی ئەم کەسانە بەبێ نیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ئەنجام دراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە